ئاژانسی هەواڵی مێهر بەشی نێودەوڵەتی: پارتی کرێکارانی کوردستان بە فەرمی هەڵوەشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و هێزەکانی لە هەنگاوێكی بێوێنەدا، پاش پەیامی ڤیدیۆیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرکردەی زیندانیکراوی ئەو پارتە، لە ڕیوڕەسمێکدا چەکەکانی خۆیان لە قەندیل ئاگردا.
بەڵام ئایا ئەم هەنگاوە دەتوانێ دەسپێکی ڕاستەقینەی ئاشتییەکی سەقامگیر بێت یان تەنیا وستانێکی تاکتیکییە لە نێوان یارییەکی گەورەی ژێئۆپۆلیتیکدا؟ یان چارەنووسی پرسی کورد لە نێوان بەرژەوەندیی لێکدراوی ئەنقەرە، دیمەشق، تلاڤیڤ و واشنتۆن چ دەبێت؟
هاوئاراستەیی بەرژەوەندییەکانی ئۆجەلان و ئەردۆغان
لە گۆشەنیگای شرۆڤەگەران، نزیکیی ئەردۆغان لە پەکەکە، زیاتر لەوەی دەروەستی بە گۆڕانی هەڵوێستی بێت، بەشێکە لە لێکدانەوەیەکی ژێئۆپۆلیتیکی. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لەمدواییەدا باسی لە داخستنی حەوت بنکەی سەربازیی لە سووریادا کردووە و گەمارۆکانی لە دژی دیمەشق هەڵوەشاندۆتەوە و ئەو هەڤیازییانەی لە پێناو داواکاریی ئەنقەرە پێداون. ئەردۆغانیش لە بەرامبەردا ڕاوێژی خۆی هەمبەر بە ئیسرائیل گۆڕیوە و لە هاوکاری لە میکانیزمی نوێی ناوچەیی پێشوازی دەکات.
لە دۆخیکی ئاوادا ئۆجەلانیش تێدەکۆشێ، پێگەی خۆی لای کوردەکانی سووریاوە بپارێزێت، چونکە لە ئەگەری تۆکمەبوونی ڕۆڵی ئیسرائیل لای هێزەکانی کوردی سووریا، ئەگەری خرانە پراوێزی ئۆجەلان هەیە، بۆیە هاوپەیمانیی ئێستاکەی ئەردۆغان و ئۆجەلان، هاوپەیمانییەکی بەرژەوەندخوازانەیە و هەر گۆڕانکارییەکە لە هاوکێشەی دەسەڵاتی ناوچە، دەتوانێ ئەو ڕێککەوتنە هەڵوەشێنێتەوە.
ئاڵۆزیی بەرەی سووریا
لە کاتێکدا تورکیا تێدەکۆشێ شوێنپێی خۆی لە باکووری سووریادا بپارێزێت، دیمەشق سوورە لە کردنەوەی دەرگای دیپلۆماسیی لەگەڵ ئیسرائیل و پێدەچێ لەو ڕێگەوە تەڤڵی ڕێککەوتننامە جەنجاڵی بێت. ئەو ڕەوتە دەتوانێ پێگەی تورکیا لە هاوکێشەکانی سووریادا لاواز بکات و ڕێخۆشکەر بێت بۆ بووژانەوەی هێزەکانی کوردی ئەو وڵاتە.
ئەردۆغان و یاریی دەروونسیستەمی
لە بواری ناوخۆییدا، ئەردۆغان لە ڕەوتی ئاشتی وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی بەهرە وەردەگرێت. ئامانجی سەرەکیی ئەو ڕاکێشانی پاڵپشتیی دەمپارتی(DEM) بۆ چاکسازیی دەستوور و درێژەدان بە خولی سەرۆک کۆمارییەتی. ئەم تاکتیکە سەرەڕای ڕاوێژی ئاشتیخوازانە، نیشاندەری زاڵبوونی بەرژەوەندی کەسێنی و هەڵبژاردنەیی بە سەر لۆژیکی ئاشتەواییە.
بۆشایی پێکهاتەیی ڕەوتی چەکدانان
پڕۆسەی چەکادانانی پەکەکە تا ئێستا بەرییە لە پاژە گرنگەکانی:
ـ هیچ ناوەندێکی نێودەوڵەتی چاودەێری ناکات،
ـ پلانێکی دیار بۆ ئاوێتەکردنی دووبارەی هێزە پێشووەکان لە کۆمەڵگادا نییە،
ـ گەڕەنتیی یاسایی بۆ پاراستنی ئەندامانی پێشووی پەکەکە نییە،
ـ دیار نییە ئەم ڕەوتە لقی سەر بە پەکەکەی سووریاش لەخۆ دەگرێت یان نا؟
ـ چارەنووسی چەکەمەنییەکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان چی بەسەر دێت؟
ناکۆکی لە گێڕانەوەکاندا، کەلێنی چاوروانییەکان
سەرۆک کۆماری تورکیا ئەو ڕەوتە بە هەنگاوێک لە پێناو "تورکیای بێ تیرۆریزم" وەسف دەکات و خوازیاری یەکگرتوویی تورک، کورد و عەرەب لە ژێر سێبەری دەوڵەتی ناوەندییە. لە بەرامبەردا، ڕەوتە سیاسییە کوردەکان خوازیاری کرانەوەی دیموکراتیک، لابردنی بایکۆت و گەڕانەوە بۆ سەروەریی یاسایە. ئەم مەودا قووڵە لە تێگەیشتن و ئامانج، ئەم چارەسەر نەکرێت، دەتوانێ ڕەوتی ئاشتی ببێتە نمایشێکی هێمایین و ناپاوەجێ.
ئاشتیی ڕاستەقینە بە بوارێکی شەرعیدا تێدەپەڕێت
ئەزموونە هاوشێوەکان نیشان دا کە ئاشتی پاوەجێ تەنیا کاتێک وەدی دێت کە بە هاوکات بێت لەگەڵ پشتیوانیی چاکسازیی پێکهاتەیی، هاوبەشی سیاسی، ئاشتی کۆمەڵایەتی و شەرعییەتی دیموکراتیک. لەو بوارەدا، هەر چەند دەوڵەتی تورکیا دژی ڕۆڵی فەرمیی ئاڵمان یان یەکێتی ئەورووپایە، بەڵام ناوەندە توێژینەوەکان، دامودەزگا مەدەنییەکان و ڕێکخراوە ناوبژیگەرە ڕۆژئاواییەکان دەتوانن لە ڕێگەی دیپلۆماسیی نافەرمیی یارمەتیی کەمکردنەوەی نامتمانەیی و ڕوونکردنەوەی چاوەروانییەکان بدەن.
بۆیە، چەکداماڵینی پەکەکە هەنگاوێکی گرینگ بەڵام ناتەواوە و لە غەیابی نەخشەڕێیەکی ڕوون، چاکسازیی بنەمایی، و گەڕەنتیی یاسایی، هەر کات ئەگەری هەڵگەڕانەوە و دەسپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان هەیە.
Your Comment